Wednesday, May 25, 2011

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ژیان و شیعره‌كانی پیره‌مێردی شاعیر

پیرەمێردی شاعیر یەكێكە لە شاعیرانەی كە جێ پەنجەی دیارە لە ناو شاعیرە كلاسیكیەكانی مێژووی ئەدەبی كوردی كە چەندین هۆنراوەی جوان و بە پێزی وتووە لە هەموو بوارەكانی ژیان و بە چەند زمانێك وەكوو كوردی و فارسی و عەرەبی .... هەروەها پیرەمێردی شاعیر جیا لەهەموو شاعیرانی تر  پشتگیری زۆری  ئافرەتانی كردووە و هانی داون بۆ فێربوون و بەدەستهێنانی زانست. 

 ژیانی پیرەمێرد
حاجی تۆفێقی كوڕی مەحموودئاغای مەسرەفە, لەساڵی 1867 زاینی لەشاری سولەیمانی لەدایك بووەو,لەساڵی 1950   هەرلەوی َكۆچی دوای كردەوە لەگردی(مامەیارە)نێژراوە, لەزۆربەی مزگەوتەكانی شاری سولەیمانی خوێندوویەتی ,لەساڵی 1898 زاینی لەگەڵ شێخ سەعیدی حەفید(كەدەكاتە باوكی شێخ مەحموودی حەفید نەمر ) چووبۆ توركیا لەوێوەبۆ ساڵی دوایی چوونەتە حەج .لەنووسینی فارسیدا دەستێكی باڵای هەبووە. لەساڵی1899 زاینی دەكرێتەئەندامی مەجلیسی عالی لەئەستەنبوول,هەرلەو كاتەدادەچیتە(مەكتەبی حقوق)و بڕوانامەی حقوق وەدەگرێت و هەرزوو دەستی بەكاری ڕۆژنامەنوسی كردووە ڕۆژنامەی كوردی لەئەستەمبۆڵ بەڕێوە بردووە ، بووە بەقایمقامی جۆلە مێرگ و لەساڵی 1918 ز. بە پارێزگاری (ئەماسیە ) لەتوركیا دەگەرێتەوە بۆسولەیمانی .تاساڵی 1926 دەبێتەسەرپەرشتكاری رۆژنامەی( ژیان) كەلەلایەن شارەوانی سلێمانی دەردەچوو ، لەساڵی 1937 چاپخانەیەك و ڕۆژنامەیەكی دامەزراند بەناوی(ژین) و وە لە 19ی حوزەیرانی 1950 ی زاینی كۆچی دوایی كرد..
پیرەمێردی شاعیر خاوەنی بیر و باوەڕێكی پێشكەوتووی ڕووناك بوو باوەڕی تەواوی بە زانست و خوێندەواری هەبووە زۆریشی لا گرنگ بووە كە كچانی كورد بچنە قوتابخانە و بخوێنن .بە تێكڕای پشتگیری لە مافی ژنان دەكرد و ئەوانی بە نیوەی ی كۆمەڵ دادەنا ......سەرەڕای ئەمەش بیروباوەرێكی نەتەوەیی بەهێزی هەبووە .هەر ئەوەندەش بەسەبۆی كەجەژنی نەورۆزی زیندوو كردەوەو بەرگێكی نوێی كردە بەر , هەرلەم ڕوانگەیەوە هەوڵی دانووسینی كوردی بكابەلاتینی, بەڵام سەرنەكەوت , پیرەمێرد وەكوچۆن لەشیعردادەستێكی باڵای هەبووە هەروا لە(پەخشان ) یشدا دەسەڵاتێكی زۆری هەبووە , پەخشانەكانی سادەوبی گرێ‌ بوون.لەسەرەتادا هەموو ڕەگەزەكانی  رەوانبێژی لە نووسینەكانیدابەكاری هێناوە وەك دركە و ڕەگەز دۆزی وخوازە وخواستن, پەیڤ و وشەكانی خۆماڵی و سادەبوون, نووسینەكانی یەك زنجیرەیی بوون.   بابەتەكانی نووسینی لەپەخشانیشدا مۆركی رۆمانتیكیا پێوە بوو.  لەنووسینەكانیداكوردییەكی پەتی و ڕەوانی بەكارهێناوە  ژمارەیەكی زۆری چیرۆكی دانراوو  وەرگێڕاوی لەتوركییە وە بڵاكردۆتەوە وەك (دوانزە سوارەی مەریوان ) و (مەم وزین) و (كەمانجە ژەن)

شیعرەكانی پیرەمێرد دەكرێت بەدوو بەش :
1 - ئەوكۆمەڵەشیعری كەدەكەونە بەر ڕێبازی  كلاسێك ئەوانەبریتین لەوشیعرانەی كەبەزۆری لەسەرەتای ژیانی شاعیرییە تیدالەئەستەنبوول ولەتوركیا دایناون  و لەژێركارێگەرییەتی شاعیرانی وەك حافزی شیرازی  فارس ونالی و سالم و حاجی و مەولەوی كوردداهۆنینیەوە.
2 - ئەوكۆمەڵە شیعرەی كەدەكەوەنە بەر ڕێبازی ڕۆمانتیك ,ئەمەش هەنگاوێك بوولەبەرەو پێش چوونی هونەری ئەدەبی لای پیرەمێرد, دیارە ئەم رێبازە لەئەنجامی كارتێكردنی شیعرەكانی (عەبدولحەق حامیدو نامق كەمال) ی تورك گرتووەتەبەر,هەروەهاپیرەمێرد شەیدای شیعرەكانی مەولەوی هەورامی بووە , بۆ یێ‌ هەموو دیوانەكەی مەولەوی خستووەتەسەرشێوەی سولەیمانی.هەرلەژێر كاریگەرییەتی شیعرەكانی مەولەوی وبێسارانی و  وەلی دێوانەدا, دەبینین زۆربەی هۆنراوەكانی پیرەمێردلە(10)بڕگەیین كەئەمەشێوەی شیعری (گۆرانی ) یە لەناو كوردەواریدا,  بەم جۆرە لەشیعری یەك قافیە دووركەوتووەتەوە.وەك لەم دێرە دیارە .

گیا\نە\وە\نەو\ شەو\چ\نوور\لە\گەڵ\گوڵ\(10) بڕگە
سەو\دای\دی\دە\نی\تۆ\یان\كەو\تە\سەر\(10)بڕگە
شیعرەكانی پیرەمێرد هەموو بوارەكانی ژیانی گرتۆتەوە لە خۆشەویستی بۆ نیشتمان ئافرەتان و لایەنی ئاینی و لایەنی ئەوینداری وپەند و ئامۆژگاری و  هتد . هەروەها پیرەمێرد خاوەنی شیعری ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە . جێژنێكی كۆنی كوردە بەخۆشی و بەهاتەوە .ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە هەستێكی نەتەوەیی بەرزی هەبووە بەرامبەر بە نیشتمان و خەڵك و خاكەكەی.هەروەها پیرەمێرد كەڵكی لە دەقە فارسیەكان وەرگرتووە هەروەك لەم پارچە هۆنراوەدا دیارە كەدەڵێ :

ئەبێ بەخشندە مل كەچ كا لەڕاستی مووچەخۆری خۆی .           ســـوراحی بـــۆ پیـاڵە ســـەر فرو دێنێ كـە تێی كـا بۆی .
كــەئـــاو داری لــــــەسەر سـەر گرتووە ئەزانێ چی تیـایە .
لای لـــــەنگە كـەپـەروەردەی نـوقوم كــا كـەگەورەیی وایە .
لقی شـۆڕی درەخت میوەی ئەخۆن بێ ئەركی بەرد و دار .
پــەلی بەرد بۆ پــەلی بــەرزە لــەقەیـشە بــۆ لقــی بــەردار.

................................................................

هەروەها لە باسی خۆشەویستی بۆ خوای گەورە دەڵێ :
پـــــەروەردگـــــــارا تــەماشا ئـەكەم .
خۆم لەكردەوەی خۆم حاشا ئـەكەم .
دڵ و زوبـــانێ تـــۆ داوتـــە بــەمـــن .
بەهەواو هـەوەس لێم بوون بەدوژمن .

..................................

ئـەمەوێ دڵم تەنها تۆی تیابێ .
لـــــەیادی غـەیری تۆ تەوەلابێ.
ئـــەوسا زوبانم زیكری تۆ ئاكـا .
ئـــەتوانم ببمە بەندەی بــارەگا .
...................................................................

هەروەها پیرەمێردی شاعیر لە باسی خۆشەویستی دا دەڵێ :

ئەمشەو دڵ مەینۆش سەرمەستی یاربوو .
بــەبــــادی گوڵڕەنــگ لیتَوم سـڕ شاد بوو .
دەمـــای دەمــــا دەم بـۆسە و كـەنـار بوو .
دڵ گـــــەیـبـــوە وەصـــلـی حــــەبــیــبـی .
گــــاهـــێ‌ لــــە بــــاڵا گــاهـێ‌  نـشیبـی .

...................................................................
ئاماده‌كردنی بێریڤان ئه‌نوه‌ر- قوتابی كۆلیژی ئاداب - به‌شی ڕاگه‌یاندن

No comments:

Post a Comment